د.بەشیر حەداد گوتاری نیشتمانی تۆری ميديايى عێراقی بەرزنرخاند و جەختی لەسەر پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تۆڕەكه کردەوە

رۆژی سێشەممە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/١٠ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاوەری شاندێک كه پێکهاتبو له بەشار کیکی ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و رێزان دلێر بەرزنجی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و ئارى جاسم راويژكار، سەردانی تۆڕی ميديايى عێراقیان کرد و لەلایەن دکتۆر نەبیل جاسم سەرۆکی تۆڕی ميديايى پێشوازی کران.
لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین بابەتی گرنگ باسیان لێوە کرا لەوانەش پاراستنی سەربەخۆیی تۆڕ و لایەنگیری نەکردن لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانی رۆژانە و بەهێزکردنی رۆحی لێبوردەیی و قبوڵکردنی رای بەرامبەر و جێگیر کردنی بەها نیشتمانی و رۆشنبیری و دینییەکان بۆ تەواوی پێکهاتەکانی عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تۆڕەكه دوپات کرايەوە و باسیش لە بابەتی بودجەی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ كرا.
له بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەكەدا تيشك خرايه سەر پەیوەندییەکانى تۆری ميديايى عێراقی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی كوردستان و به پێویست زانرا كه ھاوکاری و ھەماھەنگییەکانی نێوان ھەردوولا بەھێز بکرێت.
حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە “تۆڕی راگەیاندنی عێراقی ئاراستەکراوە بۆ راگەیاندنە نیشتمانییەکان و پێزانینیشی هەبوو بۆ “گوتاری نیشتمانیی تۆڕ كه لە رێگەی کەناڵەكانى به زمانى عەرەبی، کوردی، تورکمانی و سریانییەوە پەخش دەكريت.”

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٢٠٢٠/١١/١٠