د.بەشیر حەداد داوا لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و جوتيارانى هەرێمی کوردستان رەوانە بکات

بە نوسراوێکی فەرمی کە لە رۆژی ٢٠٢٠/١١/١٦ ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی کردووە، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جاريكى تر داوا لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ دەکات شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بكات.
لە نووسراوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لە بارەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داوا دەکەین کە بڕی ئەو ٣٢٠ ملیار دینارە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکەن.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو یاسایەی کە رۆژی ٢٠٢٠/١١/١٢ لە پەرلەمان تێپەڕێنرا دوور بوو لەو بنەما تەوافووقەی کە عێراقی تازەی لەسەر دامەزراوە و راشی دەگەیێنێت؛” تاوەکو ئێستاش مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نە نێردراوە.”
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەسەر ناردنی شایستە داراییەکانی ساڵانی ٢٠١٤و٢٠١٥و ٢٠١٦ی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆیان خەرج نەکراوە. هەروەها داواش دەکات کە شایستە داراییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی جوتیارانی هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە بێ دواکەوتن دابەش بکەن.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ٢٠٢٠/١١/١٨