د.بەشیر حەداد، جەخت لەسەر گرنگی دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکاتەوە

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەگرنگی دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی خێزانی بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتی و بەهاکۆمەڵایەتییەکان و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی عێراقی بگونجێت.
ئەو گوتانەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی سیمینارێک بوو کە رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/١٢/٧ لە هۆڵی شەبیببی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بەمەبەستی بەهێزکردنی رۆڵی پەرلەمانتارانی ئافرەت لە بونیاتنانی ئاشتی و ئارامی، کە لەلایەن لیژنەی ئافرەت و خێزان و منداڵی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەبۆنەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان سازدرا کرابوو.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بەوەدا، لە کاتێکدا دەستووری عێراق هەموو جۆرە توندوتیژییەکی خێزانی رەتکردووەتەوە و رێگەی پێنەدراوە، بەڵام بە داخەوە تاوەکو ئێستاش توندوتیژی خێزانی کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی عێراقییە.”
حەداد ئاماژەشی بە گرنگی رۆڵی پەرلەمانتارانی ئافرەت لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ دروستکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەرکردنی یاسای پاراستنی خێزان لە توندوتیژی، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێوەرە دادوەرییەکان و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤەکان گونجاو بێت، چونکە ئەوە خواستی دینی ئیسلام و هەموو پەیامە ئاسمانییەکانی دیکەیە و لە بڕیاری ١٣٢٥ی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێککەوتنامەی سیداو کە عێراق لە ساڵی ١٩٨٦ پەسەندی کردووە جەختی لەسەر کراوەتەوە.

‎نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە ٢٠٢٠/١٢/٧