د.بەشیر حەداد لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق تاوتوێی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو پەرلەمان و بەشداریکردنی کۆمپانیا فەرەنسییەکانیان کرد لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق

رۆژی چوارشەممە رێککەوتی 2021/1/20، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە جان نویل بونیو کار بەڕێکەر لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و راوێژکار خاتوو لەیلا مورغاد.
لە کۆبوونەوەیەکدا چەندین بابەت تاوتوێ کران کە جێگەی بایەخی ھەردوولا بوون، بەتایبەت گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نيوان ھەردوو پەرلەمانی عێراق و فەرەنسا، و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە بواری دبلۆماسی و ئابووری لە گەڵ وڵاتانی دۆست لە پێش ھەمووشیانەوە فەرەنسا و بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوکارییەکان لە بواری ئەمنی و سەربازی و کلتووری و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری.
له لایەکی دیکەوە تيشك خرايه سەر چالاککردنی رۆڵی کونسوڵخانەی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی سەردان و چالاکی ناوەندی کلتووری فەرەنسی لە ھەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی پشتیوانی و ھاندانی کۆمپانیا فەرەنسییە گەورەکان کرد بۆ وەبەرھێنان لە عێراق و گرنگی ھاوکاری و پشتیوانی حکومەتی فەرەنسا لە بەشداریکردنی لە دووبارە بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە و شارە ئازادکراوەکان لە دوای شەڕی دژی داعش.
حەداد راشیگەیاند:”پێویستە كاربکرێت بۆ چالاککردنی لیژنەی دۆستایەتی عێراقی- فەرەنسی و ئاڵوگۆڕی سەردان و چاوپێکەوتنەکان لە نێوان پەرلەمانی عێراقی و پەرلەمانی فەرەنسا، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی ھەردوو گەلی دۆستدا بێت.”

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە 20 كانونی دووەمی 2021