د. بەشیر حەداد، لە گەڵ پارێزگاری نەینەوا بابەتی ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیان تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە رێککەوتی 2021/2/3، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە محەممەد ھانی جێگری ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی تیایدا بەشداربوو، باس لە بابەتەکانی تایبەت بە جێبەجیکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و گرنگی دان بە دەشتی نەینەوا لە بواری ئاوەدانکردنەوە و نەھێشتنی ئاسەواری وێرانی کە بەھۆی شەڕی دژی داعشەوە شارەکە تووشی بوو، و بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش تێیدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی لە پشتیوانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردەوە لە پێناو ھەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و ئاوەدان كردنەوەی بنەماکانی کلتووری و ناوچە گەشتیارییەکان لە پارێزگای نەینەوا.
حەداد، داواشی لە حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان کرد کە بە ھاوکاری لە گەڵ ئەندامانی پارێزگای نەینەوای ئەنجومەنی نوێنەران، پێداویستییەکان ئەو پارێزگایە دابین بکەن و کێشەکانی بەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە تێپەڕێنن، و بودجەی پێویست بۆ پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی وڵات لە نێو یاسای بودجەی ساڵی 2021 دابین بکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە 3 شوباتی 2021