د.بەشیر حەداد و سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری، سەقامگیری و جێبەجێکردنی سەروەری یاسایان لە عێراق تاوتوێ کرد

رۆژی دووشەممە 822021، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا پێشوازی کرد لە د.دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی شەرقولئەوسەت بۆ لێکۆڵینەوە.
لە دیدارێکدا کە د.سیروان عەبدوڵڵا سیرینی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تێیدا بەشداربوو، چەندین بابەتی گرنگ باسیان لێوەکرا کە جێگەی بایەخی هەردوولا بوون، بەتایبەت رۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە بەهێزکردنی سەقامگیری و بووژاندنەوە و چاکسازی لە بنەما و کارەکانی دەوڵەت و رێکارەکانی بونیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمایەکی بەهێزی دەستووری و جێبەجێکردنی سەروەری یاسا.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لە بارەی پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و دامەزراوەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و دامەزراوە زانستییەکان لە بواری یاسادانان و چاودێری کردن.
لە لایەن خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کاروچالاکییەکانی ئینستیتیوتی مێری بەرزنرخاند لە پێشکەشکردنی زانیاری و راپۆرت و لێکۆڵینەوەی توێژەران بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لەبارەی گرنگترین بابەتەکانی پەیوەست بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە بواری چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎دووشەممە 8ی شوباتی 2021