دکتۆر بەشیر حەداد، پەردە لەسەر مێزی یادەوەری و دۆکیومێنتی مامۆستا سەباح بەرزنجی لادا

رۆژی پێنجشەممە ١١ی ئاداری ٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە رێورەسمێک دا لە مۆزەخانە و ئەرشيفى پەروەردەیى له شاری ھەولێر، و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و مامۆستا بەشدار عەبدولخالق بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ھەولێر و خانەوادەی مامۆستاى خوالێخۆشبوو سەباح محي الدين بەرزنجی پەردەی لەسەر مێزی و یادەوەری و دۆکیومێنتی مامۆستاى خوالێخۆشبوو لادا.
لە گوتەیەکی دا بۆ میدیاکان دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بە رۆڵی مامۆستا سەباح بەرزنجی کرد و رایگەیاند، خوالێخۆشبوو مامۆستا و پەروەردكار و رۆشنبیر و پێشمەرگە و خەباتگێڕێکی کوردستان و کەسێکی دڵسۆز بوو بۆ خاک و نیشتمانەکەی.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی رێکخەرانی ئەو رێوڕەسمەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە رێزگرتنە لە خەبات و ماندوو بوونی مامۆستايانى پێشەنگ ئەوانەی کە ھەموو تەمەنیان لە پێناو نیشتمانەکەیان و بەرەو پێشچوونی پرۆسەى پەروەردەدا تەرخان کردووە، ھیواشی خواست کە پارێزگاری ھەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر ، شوێنێکی دیکەی شایستە بۆ یادەوەری و دۆکیومێنتی مامۆستایانی دیکە تەرخان بکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ١١ی ئاداری ٢٠٢١