ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تاوتوێی‌ ڕوداوه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیبن ئه‌لخه‌تیب ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26/4/2021 دانیشتنێكی‌ نائاسایی به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌ست، بۆ تاوتوێكردنی‌ كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیبن ئه‌لخه‌تیبی‌ تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌ڵگرانی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا.
سه‌ره‌تا به‌ڕێز حه‌لبوسی سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ گه‌لی‌ عیراق و كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیبن ئه‌لخه‌تیب له‌ شاری‌ به‌غدا كرد و له‌خوای‌ گه‌وره‌ پاڕایه‌وه‌ كه‌ شه‌هیدان به‌ به‌هه‌شتی‌ خۆی‌ شاد بكات و هیوای‌ چاكبونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌ په‌له‌ی‌ بۆ برینداران خواست و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ دكتۆر به‌شیر حه‌دادی‌ ڕاسپاردوه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌كه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن سوره‌تی‌ فاتیحه‌ی‌ له‌سه‌ر گیانی‌ شه‌هیدانی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌و هه‌مو شه‌هیدانی‌ عیراق خوێنده‌وه‌.
له‌لایه‌كی‌ تر په‌رله‌مانتار كاتع ركابی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌ تێیدا یادی‌ خواڵێیخۆشبو په‌رله‌مانتار عه‌دنان ئه‌سه‌دی‌ كرده‌وه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌ خه‌باتی‌ ئه‌و له‌ریزه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی و به‌رهه‌ڵستكردنی‌ حزبی به‌عسی‌ له‌ناوچو كرد.
دواتر ئه‌نجومه‌ن سوره‌تی‌ فاتیحه‌ی‌ له‌سه‌ر گیانی‌ په‌رله‌مانتار عه‌دنان ئه‌سه‌دی‌ و هه‌مو شه‌هیدانی‌ عیراق خوێنده‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ورده‌كاری‌ روداوه‌كه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئیبن ئه‌لخه‌تیبی‌ تاوتوێكرد كه‌ پێش دوو ڕۆژ رویداو بوه‌ هۆی‌ گیان له‌ده‌ستدانی‌ ده‌یان نه‌خۆش و برینداربونی‌ ده‌یانی‌ تر به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ و خراپی‌ به‌ڕێوه‌بردن.
په‌رله‌مانتاران داوایان كرد هه‌ڵوێستی‌ جددی وكاری‌ جددی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ و قه‌لاچۆكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ بواری‌ به‌ڕێوه‌بردن و دارایی ئه‌و كه‌رته‌، هه‌روه‌ها داوایان كرد كه‌ كه‌سانی‌ كه‌مته‌رخه‌م بدرێنه‌ دادگا و كۆتایی بهنێدرێت به‌ هۆكاره‌كانی‌ ئه‌و جۆره‌ روداوانه‌.
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ قسه‌كانیاندا داوایانكرد كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌و فێركردنی‌ باڵاو ته‌ندروستی‌ دوربخرێن له‌ سیستمی‌ پشك پشكێنه‌ی‌ حیزبی له‌ كاتی‌ دانانی‌ وه‌زیره‌كانیدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌ره‌ به‌هه‌ردوو كه‌رتی‌ فێركردن و ته‌ندروستی‌ بدرێت له‌ عیراق.
دواتر لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ و ژینگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ڕاپۆرتی‌ سه‌ره‌تایی خۆی‌ سه‌باره‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد.
دواتر دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندن
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
26/4/2021