د.بەشیر حەداد جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان كردەوه

حەداد رۆڵی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانی لە سەرکەوتنی پرۆسەی چاکسازی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 2021/5/2، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە شاری هەولێر، سەردانی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن خالد هادی چاوشلی سەرۆکی دیوان و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوانی چاودێریی داراییەوە پێشوازی کرا.
لە دیدارێک دا چەندین بابەت تاوتوێ کران کە جێگەی بایەخی هەردوولا بوون، بە تایبەت چالاک کردنی زیاتری دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی هەماهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند:” دیوانی چاودێری دارایی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و گەشتنە ئەنجامی ئەو پرۆسەیە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان پشتگیری و پشتیوانی زیاتری ئەو دامەزراوەیە بکەن و هەوڵ بدەن ئەو بۆشاییەی کە بواری کەمی فەرمانبەر و پڕنەکردنەوەی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەکاندا هەیەتی بە زوویی چارەسەری بکەن “.
حەداد، جەختیشی لەسەر گرنگی هەبوونی هاوکاری و هەمانگی زیاتر لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند کە پێویستە ئەو هەمانگەنییە زیاتر بکرێت به مەبەستی چارەسەری تەواو بۆ کێشە دارايى و ئابوورییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و ئەوانیش وەکو دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەرچی پێیان بکرێت ئامادەن ئەنجامی بدەن بۆ زیاتر کردنی ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢ی ئایاری ٢٠٢١