د.بەشیر حەداد و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ھەوڵەکانى دروست کردنی كەشێکی گونجاو و ئارام بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنى پێشوەختەيان تاوتوێ کرد

رۆژی چوارشەممە 2021/6/16، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازیى کرد لە ماسیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.
لە دیدارێک دا کە ھۆشیار غەفوری، راوێژكارى نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران تێی دا بەشدار بوو، چەندین بابەتی گرنگ تاوتوێ کران کە جێگەی بایەخی ھەردوولا بوون لەسەرووی ھەمووشیانەوە رێکارەکانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندیى نێوان ھەردوولا بێت و ئارامی و سەقامگیری لە تەواوی وڵات دابین بکات، ھەروەھا تاوتوێی ھەوڵەکان کرا بۆ دروست کردنی گەشێکی گونجاو و ئارام بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە بڕیاره لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دواپێشھاتە ئەمنی و سیاسییەکانی گۆڕەپانی سیاسیى عێراق و رووداوەکانی ناوچەکە، بەتایبەت گفتوگۆکردن لە سەر پرسی ئابووری و دەرفەتی وەبەرھێنان و رێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ھاوبەش بە دیدێکی نیشتمانیانە.
حەداد جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان واشنتۆن و بەغداد لە چوارچێوی رێزگرتن و بەرژەوەندی ھاوبەشی نێوان ھەردوولا و رێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
چوارشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١