د.بەشیر حەداد پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسانی عێراق کرد، بە بۆنەی یادی جەژنی نیشتمانی رۆژنامەگەری عێراقی و داواشی کرد کە رێز له رۆژنامەنووسان بگيرێت، و گرنگی زیاتريان پێبدرێت

بەبۆنەی جەژنی نیشتمانی رۆژنامەگەری عێراق و تێپەڕبوونی ١٥٢ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی (زەورا) لە ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ١٨٦٩، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق و تەواوی رۆژنامەنووسان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن لە کارەکەیان، و جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی سەربەخۆیی رۆژنامەگەری بە مەبەستی روماڵکردنێکی سەربەخۆییانەی رووداوەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی وڵات دا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی رۆژنامەنووسان و کارەکانیان کرد لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنیی و تەندروستی و ئابوورییەکان و گواستنەوەی رووداوەکان و ئازاری هاووڵاتیان و رایگەیاند”داوا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رێز له رۆژنامەنووسان بگرن، وگرنگی زیاتريان پێبدەن، و کارئاسانیان بۆ بکەن و گەشوهەوایەکی ئارامیان بۆ دابین بکەن بەمەستی ئەنجام دانی کاری پیشەیی خۆيان و چاودێری کردنی رووداوە مرۆییەکان و ئەو بابەتە گرنگانەی کە پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی خەڵک و تەواوی هاووڵاتیان.”
حەداد ئاماژەشی بە رۆڵی رۆژنامەنووسانی شەهید کرد کە لە پێناو وڵاتدا رۆحی خۆیان بەخت کرد و بە پێویستیشی زانی حکومەت چاوی لە خانەوادەی ئەو رۆژنامەنووسانە بێت و بەردەوام پشتیوانی و هاوکارییان بکات.

‎نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‎سێشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١