د.بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بە زووترین کات کێشەی کارەبا چارەسەر بکات و لێپرسینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بکات

دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی کارەبای حکومەتی فیدراڵ دەکات دۆسیەی کارەبا چارەسەر بکات کە بووەتە کێشەیەکی گەورەی ھاووڵاتیان لە وەرزی ھاوین دا و ناڕەزاییان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەت کە لە رۆژدا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و بڕی پێدانی کارەباش کەم دەبێتەوە کە ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیان دروست کردووە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران داواشی لە حکومەت کرد دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت بسەپێنێت و لێ پرسینەوە لە کەسانی کەمتەرخەم بکات و کار بۆ ریشەکێش کردنی گەندڵی بکات و دەستی ئەو گەندەڵکارە گەورانە ببڕێت کە تواناکانی حکومەتیان کۆنترۆڵ کردووە.
حەداد ئیدانەی ھێرشە بەردەوامەکانى سەر تاوەرەکانی گواستنەوەی ووزە كرد، کە دەبێتە ھۆی بچڕانی تەزووی کارەبا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی وڵات.
دکتۆر بەشیر حەداد داواشى لە وەزارەتە ئەمنییەکان و ھێزە ھاوبەشەکان و لایەنە بەرپرسەکان کرد کە کار بۆ پاراستنی تاوەکارەکان و وێستگەکانی کارەبا بکەن و چاودێری زیاتری شوێنە خزموتگوزارییەکان بکەن بۆ ئەوەی بپارێزرێن لە ھێرشی تیرۆرستان.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ھەینی ٢ی تموزی ٢٠٢١