د.بەشیر حەداد، پێشوازی لە د.محەمەد سدیق، بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد

رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ٢٠٢١/٧/٨ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە نووسینگەی هەولێری ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی کرد لە د.محەمەد سدیق، سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی و بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بازنەی پارێزگای هەولێر.
لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە د.محەمەد سدیق کرد بە بۆنەی بەربژێر کردنی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیار وایە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ دا بەڕێوە بچێت.
د.بەشیر حەداد، کورتەیەکی لە بارەی کارى پەرلەمانى و شێوازی کارکردن لەو بوارەدا بۆ د.محەمەد باسکرد کە پێویستە وەکو نوێنەری خەڵکی کوردستان بە چ شێوازێک کارەکانیان بکەن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەر بەربژێرێک لە هەڵبژاردن دا سەرکەوت، ببێتە نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردستان لە بەغدا و بە گیانێکی نیشتمانیانە کار بۆ میللەتەکەی بکات و هەوڵ بدات بە پێی توانا ئەو بەڵێنانەی کە بە دەنگدەرانی دەدات جێ بەجێیان بکات.
حەداد، ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت لەو بوارەدا بۆ د.محەمەد سدیق و تەواوی بەربژێرەکانی دیکە کە دەیانەوێت لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن سوود لەو ئەزموونەی ئەوان وەرگرن کە ماوەی چەند ساڵێکە لەو بوارەدا وەریان گرتووە.
لەلایەن خۆیەوە د.محەممەد سدیق، سوپاسی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد بۆ ئەو دیدارە و ئاماژەی بەوەدا کە هەمووان پێویستیان بە رێنمایی و ئەزموونی ئەوان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەو هەنگاوەی کە هەڵیان گرتووە سەرکەوتووانە بگەنە دوا وێستگە و کارەکانیان بە شێوەیەکی راست و دروست ئەنجام بدەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٨/٧/ ٢٠٢١