سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ چۆنیەتی بەڕێوەچونی کارەکان لەنەخۆشخانە و سەنتەرەکانی کەرەنتینە لە کەرکوک بەسەر دەکاتەوە

ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢١ سەردانی سەنتەرەکانی کەرەنتینەی نەخۆشییە گوازراوەکانی کرد لە پارێزگای کەرکوک.

ساڵحی لەمیانی سەردانەکەیدا کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەرپرسانی تەندروستی کەرکوک یاوەرییان کرد، بەدواداچونی بۆ شوێنەکانی کوتان و ڕێوشوێنەکانی پێدانی ڤاکسین بەهاوڵاتیانی کەرکوک کرد، وێڕایی بەدواداچون بۆ دۆخ و پێداویستییەکانی توشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە سەنتەرەکانی کەرەنتینەکردن.

سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ، داوای لە حکومەتی ناوەندی کرد دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ ڕزگارکردنی کەرکوک لەداڕمانی سیستمی تەندروستی، بەهۆی زیادبونی ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ بونی پشتیوانییەکی حکومی کە هاوتای ئەو ئاستەنگە گەورەیەبێت کە پاێزگاکە ڕووبەڕووی بووەتەوە، داواشی لە وەزیزی نەوت کرد سوتەمەنی پێویست بۆ کەرکوک دابینبکات، بۆ کارپێکردنی موەلیدەکانی کارەبا لە شوێنەکان کوتان و سەنتەرەکانی کەرەنتینە لەپێناو پشتیوانیکردن لەهەوڵەکانی ڕووبەڕوونەوەی بەڵای کۆرۆنا و دابینکردنی ئۆکسجین بۆ نەخۆشەکان.

ساڵحی ڕونیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن سەبارەت بەڕوداوی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرکوک کە پێش دوو ڕۆژ ڕویدا، کە بەهۆی پەککەوتنی لەناکاوی سیستمی ئۆکسجین نەخۆشێک گیانی لەدەستدا، داواشی لەخەڵکی کەرکوک کرد پەلەبکەن لەڕووکردنە جێگاکانی کوتان بۆ پاراستنی تەندروستیان و پشتیوانیکردنی تیمە تەندروستییەکان و هێزە ئەمنییەکان، کە بە شەو و ڕۆژ لەخزمەتی هاوڵاتیاندان.

فەرمانگەی ڕاگەیاندن
ئەنجومەنی نوێنەران
٢٩/٧/٢٠٢١