د.بەشیر حەداد و فەرماندەی گشتی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور، رێکارەکانی بەھێزکردنی ھێزەکانی پاسەوانی سنووریان تاوتوێ کرد

رۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٨/٢، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە شاری بەغدا، پێشوازی کرد لە لیوا روکنی مافپەروەر حەماد فازڵ دزەیی، فەرماندەی گشتی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور.
لە دیدارێکدا کە ناسر ھەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران تێیدا بەشدار بوو، چەندین بابەتی گرنگ باس کران کە جێگەی بایەخی ھەردوولا بوون، لە سەرووی ھەمووشیانەوە رێکارەکانی بەھێزکردنی ھێزە سنوور پارێزەرەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بە ھەوڵ و کۆششی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور کرد لە پاراستنی سنوورەکان، سەرەڕای کەمی ژمارە و پێداویستی سەربازیی و ئەو کێشانەی کە دێنە بەردەمیان وەکو ھێرشی ھێزەکانی سوپای تورکیا، کە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی گوند و ناوچە سنوورییەکان بۆردومان دەکات.
حەداد، پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ ھێزەکانی پاسەوانی سنوور دووپاتکردەوە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە ئەو ھێزە تۆکمە بکات بۆ ئەوەی سنوورەکان بپارێزێت و رێگری بکات لە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆرستیەکان و بەرقەرار کردنی سەقامگیری گشتی لە وڵات دا.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢/٨/٢٠٢١