د.بەشیر حەداد، کۆڕی زانستی عێراقی بەسەرکردەوە و جەختی لەسەر گرنگی کردنەوەی کەناڵێک لە نێوان ئەو کۆڕە و پەرلەمان کردەوە

رۆژی پێنجشەممە ٥/٨/٢٠٢١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڕێیەتی محەمەد ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گشتى راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی کۆڕی زانستی عێراقی لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت کرد و لەلایەن د.محەمەد حوسێن ئال یاسین، سەرۆکی کۆڕ و ژمارەیەک لە کارمەندەکانيەوە پێشوازی کرا.
لە دیدارێکدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی کۆڕى زانستی عێراقی کرد لە بواری فیکری و رۆشنبیری و هونەردا، وەکو کۆنترین رووی شارستانی و زانستی وڵات.
دکتۆر بەشیر حەداد، جەختیشی لەسەر پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاری هەماهەنگی لە نێوان کۆڕى زانستی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە لە پێناو سوود وەرگرتن لە ئەزموونی زانستی لە بواری تۆکمویی یاسادانانەوە.
لە میانی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی کۆرەکەدا، حەداد رەخنەی لەوە گرت کە ئەم دامەزراوەیە پشتگوێ خراوە کە لە ناوچەکە و نیشتمانی عەرەبیدا ناسراوە بە دامەزراوەیەکی ئاست بەرز لە بواری زانستی و ئەکادیمیدا و داواشی لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوکار بن لە دووبارە بونیاتنانەوەی ئەو شوێنە شارستانییە و دابینکردنی پێداویستییەکانی و چالاککردنی کارەکانی لە ژێر رۆشنایی فەرمانی ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠٢٠ و دیاری کردنی کەسانی بە ئەزموون و لێهاتوو لە مامۆستایان و زانایان بؤ ئەندامێتی کۆڕەکە بەپێی یاسای بەرکاری کۆری زانستی عێراقی.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ٢٠٢١/٨/٥