سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ سەنتەرى وەرەمەکانى کەرکوک بەسەردەکاتەوەو داواى ئەنجامدانى کۆنگرەیەک دەکات بۆ ڕزگارکردنى نەخۆشەکان لەدەست ئازارەکانیان

ئەرشەد ساڵحى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ، ڕۆژى پێنج شەممە 26ى ئابى 2021 نەخۆشەکانى سەنتەرى وەرەمى شێرپەنچەى لەشارى کەرکوک بەسەرکردەوە.
ساڵحى لەمیانى سەردانەکەیدا بۆ سەنتەرى وەرەمەکانى کەرکوک کۆبونەوەیەکى فراوانى لەگەڵ کادرانى سەنتەرەکە ڕێکخست، کە باسێکى تێروتەسەلیان لەسروشتى کێشەکان و پێداویستییە گرنگەکان پێکەشەکرد، کە یەکەمیان کەمى ئامێرو دەرمانى تەرخانکراوە بۆ سەنتەرەکە، وێڕایى بچوکى شوێنەکە کە پێشتر بنکەیەکى پۆلیس بووە.

پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحى لەمیانى بەسەرکردنەوەى قاوشەکانى سەنتەرەکە، ئەو کارەساتەى بینى کە ڕودەدات بەهۆى نەهامەتى نەخۆشەکان بەتایبەت ئەوانەى کە لەڕێڕوەکاندا خەوێنراون بەهۆى نەبونى قەرەوێڵە لەقاوشەکان، ڕونیکردەوە کە سەرجەم بۆچون و پێشنیازەکان دەگەیەنێتە وەزارەتى تەندروستى بۆ دەستەبەرکردنى هەموو پێداویستییەکانى سەنتەرەکە لە دەرمان و پێویستیە پزیشکییەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ساڵحى لەلێدوانێکدا بۆ ژماریەک لە ڕاگەیاندنەکان وتى، کەرکوک بەدەست پیسبونى ژینگەوە دەناڵێنێت لەئاکامى کەڵکەبونى خۆڵ و خاشاک و بڵاوبونەوەى غازى ژەهراوى لەناو هەواو بەهۆى کۆمپانیاکانى نەوت و غازى باکور و کارگەى چیمەنتۆ و پاڵاوتگە نەوتییە ناڕەسمییەکان کە لەلایەن چەتەکانى گەندەڵییەوە خاوەندارى دەکرێن، ئاماژەى بەوەشدا، وێڕاى هەموو ئەوانە پشتیوانییەکى ڕاستەقینەى حکومیمان نەبینیوە بۆ سەنتەرى وەرەمەکانى شێرپەنچە کە ڕۆژانە پێشوازى لە دەیان نەخۆش دەکات، کە توشى ئەو نەخۆشییە پیسە بوون بەهۆى ئەو گازە ژهراویانە و، تەئکیدى کرد کە سکاڵاى یاساییان لەدژ بەرزدەکاتەوە.

سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ داواشی لەئیدارەى پارێزگاى کەرکوک کرد، کۆنگرەیەک تایبەت ڕێکبخەن بۆ پشتیوانیکردنى سەنتەرى شێرپەنجە بە ئامادەبونى نوێنەرانى پارێزگا لەئەنجومەنى نوێنەران و وەزارەتى تەندروستى و سەرجەم لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان و بەشداریپێکردنى هەردوو وەقفى سوننى و شیعى و هەروەها بەشداریکردنى ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان، بۆ زامنکردنى ڕزگارکردنى ژیانى توشبوانى شێرپەنجە و کۆتایهێنان بە ئازارەکانیان، لەڕێى تاتوێکردنى چارەسەرەکان و دابیکردنى ئامێرى تایبەت بەچارەسەکردنى ئەو نەخۆشییە.

ساڵحى ئاماژەى بەوەکرد، ئەو بینا تازەیەى بۆ سەنتەرى وەرەمەکان بەپشتیوانى و پیتاکى خێرخوازان لەشارى کەرکوک بنیاتنراوە، هێشتا ئامادەنییە بۆ پێشوازیکردن لەنەخۆش لەبەرچەند هۆکارێک، کە دیارترینیان، کەمى ئامێرو کەرەستەو دەرمانى پێویستە.

ئەنجومەنى نوێنەران
فەرمانگەى ڕاگەیاندن
27/8/2021