د.بەشیر حەداد، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانان و شارەزای بواری یاسا کۆبووەوە

رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٨/٣١، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران سوورە لەسەر جێبەجێ کردنی کارەکانی خۆی لە بواری یاسادانان و چاودێری کردن، و لە دەرکردنی یاساکان و هەموار کردنیان پابەندە بە ڕەچاوکردنی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆ، ئەوەش دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و پەیوەندیدار بەو بوارە، هەروەها پێداچوونەوە بە رەشنووسی یاساکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستی هاونیشتمانیان بگونجێت.
ئەم وتانەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە میانەی پێشوازیکردن هات لە سارە ئەیاد عەلاوی و ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزایانی بواری یاسا و چالاکوانانی مەدەنی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە پەرلەمانتاران بەشار کیکی، مەیسون ساعدی، بەهار مەحمود و وەسفیە شێخۆ بەشدار بوون، باس لە چەندین بابەتی گرنگ کرا کە جێگەی بایەخی هەردوولابوون، لە سەرووی هەمووشیانەوە رێکارەکانی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەی یاسادانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سود وەرگرتن لە راو بۆچوونی شارەزایان لە بواری یاساکان، هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی هەموارکردنی مادەی (57) لە یاسای باری کەسێتی.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سێشەممە ٣١ئابی ٢٠٢١