د.بەشیر حەداد لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەکانی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان نووسینگەکان و دامەزراوەکانی حکومەت کردەوە

بە ئامادەبوون و چاودێری دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢١/٩/١٦، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لە هۆڵی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەکانی پارێزگاکانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدا، کە تیایدا ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرۆک بەشەکان بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارەکانی گەشەپێدانی کاری نووسینگەکان و پشتگیری و پشتیوانی لە پەرلەمانتارانی پارێزگاکانیان کرا بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانی خۆیان بکەن کە کاری یاسادانان و چاودێری کردنە.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گوێبیستی بەڕێوەبەری نووسینگەکان بوو کە چەندین زانیارییان لە بارەی کاروچالاکی و کێشە و گرفتەکانیان خستەڕوو.
لە گوتەیەکدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە چالاک بوون و باشتر بەڕێوەبردنی کارەکانی نووسینگەکانی کرد، و رايگەیاند کە پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان نووسینگەکانی پەرلەمان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی حکومەت هەبێت، و چاودێری زیاتری کارو پرۆژەکان بکەن، بەتایبەت پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هاونیشتمانیان بەشێوەیەکی گشتی، و گواستنەوەی کێشە و گرفتەکانی رۆژانەیان بۆ لیژنە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، و دووبارە متمانە گەڕاندنەوە بۆ دامەزراوە یاساییەکان، و روونکردنەوەی کارو بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی نوێنەران و رۆڵ گێرانیان لە داڕشتنی یاساکان بەشێوەيەک کە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێت و ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتدا زیاتر فەرام بکات و خزمەتگوزاری زیاتر بە هاونیشتمانیان پێشکەش بکرێت، و گرنگی هاندانی دەنگدەران بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
پێنجشەممە ١٦ ئەیلولی ٢٠٢١