د.بەشیر حەداد، هیوادارین پێش وادەی دەنگدان پەرلەمان بتوانێت ئەو پرۆژە یاسایانەی کە ئامادەن دەنگیان لەسەر بدات

بڕیار وابوو ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٩/٢٠ دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەران ژماره ٥ى وەرزی دووەمی ساڵی سێیەمی ياسادانان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە ژمارەی یاسایی ئەندامان ئامادەنەبوون دانیشتنەکە دواخرا، ئەوەش لە کاتێکدابوو کە دانیشتنەکە بۆماوەی کاتژمێرێک دواخرا بۆ ئەوەی ژمارەیەی یاسایی تەواو بکرێت.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ئەوە چەندەمینجارە کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکرێت و بەرنامەی کار دادەنرێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارانەوە ناتوانرێت کۆبوونەوەکە بکرێت، و هۆکارەکەش ئەوەیە کە زۆربەی پەرلەمانتاران سەرقاڵی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیار وایە لە رۆژی ١٠ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هیواشی خواست کە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بتوانن دانیشتنێك یان چەند دانیشتنێک ئەنجام بدەن بۆ تێپەڕاندن و دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانەی کە ئێستا ئامادەن بۆ ئەوەی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان نەمێننەوە.
لە کۆتایی دا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی دیکە دواخست کە لە وادەی خۆیدا رادەگەیێندرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢١