د. بەشیر حەداد داوا لە مستەفا کازمی دەکات ھەنگاوی خێرا ھەڵگرێت بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە چەکدارییەی لە قەزای شنگال هەیە و ڕێگری دەکات لە بەربژێرەکانی پارتی تاوەکو بانگەشە بۆ خۆیان بکەن

لە بەیاننامەیەکدا، دکتۆر بەشیر خەلیل حەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان دەکات ھەنگاوی خێرا ھەڵگرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دیاردە چەکدارییەی کە لە دەرەوەی یاسا لە قەزای شنگالی سەربە پارێزگای نەینەوا بوونی هەیە کە رێگری دەکات لە بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بچنە ناو ئەو قەزایە بۆ بانگەشەکردنی هەڵبژاردن و پێشكەش کردنی بەرنامەکانیان لە بازنەکانی هەڵبژاردن، ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو هەڵسوکەوتانە جێگەی قبوڵ کردن نین و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە توندی رەخنەی لە لایەنە ئەمنییەکانی ئەو قەزایە گرت بەوەی کە کەمتەرخەمن لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان و پشتیوانی نەکردنی بەربژێرەکان بۆ ئەوەی چالاکی رۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن لە نێو بازنەی هەڵبژاردنیی خۆیان و هەستن بە بانگەشەکردنی وەکو بەربژێرەکانی دیکەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەو پارێزگایە.
حەداد داوای لە لایەنە حکومی و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای نەینەوا کرد کە رۆڵی خۆیان جێبەجێ بکەن بەرامبەر بە تەواوی بەربژێرەکان و ئەو رێگری و هەڕەشانەی کە رووبەڕووی ژمارەیەک لە بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبنەوە، چونکە ئەو بابەتە کاریگەری دەبێت بەسەر سەقامگیری تەواوی پارێزگاکە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی٢٠٢١