د.بەشیر حەداد پیرۆزبایی لەعیراقیان دەكات بەبۆنەی دانانی بابل لە لیستی كەلەپووری جیهان

ئەمڕۆ هەینی 5/7/2019 بەبۆنەی دانانی شوێنەواری بابل لەلیستی شوێنەوار وكەلەپووری جیهانیەوە لەلایەن رێكخراوی یونیسكۆوە، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی رۆڵەكانی گەلی عیراق كرد وئەم دەستكەوتەیشی بەسەركەوتنێكی مەزن دانا بۆ گەلانی عیراق، سەركەوتنێك بەسەر تیرۆر كە خواستی تێكدان ولەناوبردنی ئاسەوار وشوێنەواری وڵاتەكەمان بوو، هاوكات ستایشی رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیری وشوێنەواری عیراق ووەزارەتی دەرەوە ولیژنەی رۆشنبیری وڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران وخودی شاندی عیراقی بەشدار لە گفتوگۆكانی كۆنگرەی شوێنەواری جیهانی كرد لە باكۆی پایتەختی ئازاەربێجان بۆ هێنانەدی ئەم دەستكەوتە.
د.بەشیر دووپاتی كردەوە دانانی شوێنەواری بابل وپێشی ئەویش قەڵای هەولێر لە لیستی كەلەپوور وشوێنەواری جیهانی بەڵگەیەكی گرنگە بۆ قووڵایی شارستانی ومێژوو لەعیراق ، وبەم بۆنەیەشەوە داوای لە حكومەتی عیراق كرد گرنگی بەم دۆسێیە وبە شوێنەواری عیراق بدات داواشی كرد شوێنە مێژوییەكان ببنە بنكەیەكی گرنگ بۆ سەردانی گەشتیارانی بیانی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری نیشتیمانی وئەوەشی دووپات كردەوە كە شوێنەوار ڕەنگدانەوەی قوڵایی مێژوو وشارستانێتی دۆڵی ڕافیدەینە وتا ئێستاش جێی سەرنجی زۆربەی مێژوو نووس وتوێژەرانی بواری شوێنەوار وشارستانی گەلانن لەجیهان.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
5 ی تەموزی 2019