د.بەشیر حەداد جەخت لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنی نوێنەران وپەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەمە 31/7/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاوەری بەڕێز تەوفیق حەسەن بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەهەولێر سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد ولەلایەن خاتوو د.رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وخاتوو مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پێشوازیان لێكرا.
د.بەشیر لە دەسپێكی دیدارەكەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆی پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان كرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی تازەی وهیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك وكارەكانی دا وئاماژەی بۆ گرنگی رۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ دانانی یاسا وچاودێریكردنی دەزگاكانی حكومەت وجەختی لەسەر گرنگیدان بەو یاسایانە كردەوە كە پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە بەتایبەتی لەبواری بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری وبەدواداچوونی ئەو پرس ودۆسێیانەی بە هەڵپەسێردراوی لەنێوان هەرێمی كوردستان وحكومەتی فیدراڵ وبەردەوامبوونی پەیوەندی لەنێوان هەموو لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لەلای خۆشیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە نیشان دا وجەختیشی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەماهەنگی وكاری هاوبەش كردەوە لەنێوان پەرلەمانی كوردستان وئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەچوارچێوەی دەستووری عیراق دا.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
هەولێر 31 ی تەموزی 2019