د.بەشیر حەداد بەشداری لە ڕێوڕەسمی یادكردنەوەی جینۆسایدی شنگال دەكات

ئەمڕۆ یەك شەمە 4/8/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بەئامادەبوونی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ومەسروور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ومیر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان وژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی نوێنەران وپەرلەمانی كوردستان وبەرپرسانی حكومی وخانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی كارەساتی شنگال، بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژی شنگال كرد كە لەدهۆك سازكرا.

د.بەشیر لەمیانی بەشداریكردنی لەم ڕێوڕەسمەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند : ئەم تاوانەی لەدژی هەموو عورف ونەریتێكی مرۆییە وهیچ ویژدانێك قبووڵی ناكات وئەنجامدانی ئەم ڕەفتارە بەناوی ئایین تاوانێكی گەورەیە لەدژی خودی ئایین چونكە ئەم كارە لە هیچ پرەنسیپێكی ئایینی دا قابیلی قبووڵ نیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەهەموو شێوەیەكەوە لەهەوڵ وكارەكانی خۆی بەردەوامە بۆ قەرەبۆكردنەوەی كەس وكاری قوربانیانی ئەم تاوانە لەڕێگەی یاسای تۆكمە وپێویست بۆ ئەم ناوچەیە وهەموو بستێكی عیراق كە كۆمەڵكوژی تیادا ئەنجام درابێت.

هاوكات داوای لە حكومەتی فیدراڵ وحكومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن وزەمینە سازی بكەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان وئاوەدانكردنەوەی شنگال وگەڕان بەدوای بێ سەر وشوێن كراوانی ئێزیدی وگرنگیدان بەگەڕاوانی بەردەستی داعش لەكوڕان وكچانی ئێزیدی وكردنەوەی لاپەڕەیەكی تازە لەسەر بنەمای پێكەوەژیان وئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
دهۆك 4 ی تەموزی 2019