بەیاننامە

محەمەد حەلبوسە سەرۆركی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی پێنجشەممە، تەئكیدی كردەوە ئەنجومەنی نوێنەران پابەندە بە دەنگدانی ئەنجومەن تایبەت بە نوسینگەكانی پشكنەری گشتی.
بەرێزیان ڕایگەیاند مانگی ئازاری ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیدا لە ڕەشنوسی بڕیارێك بە شێوەیەكی سەرەتایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی نوسینگەكانی پشكنەری گشتی كارپێكراو، تەئكیدیشی كردەوە ئەنجومەن پابەندە بەوەی دەنگی لەسەرداوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی نوسینگەكانی پشكنەری گشتی كارپێكراو تا ئێستا كاردەكات بە فەرمانی دەسەڵاتی ئیئتلافی هەڵوەشاوە كە لەلایەن پۆڵ برێمەر حاكمی مەدەنی دەركرا ژمارە (57) بۆ ساڵی 2004، ئاماژەی بەوەش كرد ئەو نوسینگانە لە ساڵانی ڕابردوودا نەیانتوانیوە بەهەدەردانی سامانی گشتی ڕابگرن، بۆیە پێویستە رۆڵی دەستەی نەزاهە و چاودێری دارایی كارابكرێت.
وتیشی لە تایبەتمەندییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی مادەی 61 لە دەستور بریتتیە لە چاودێریكردنی ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێكردن، ناكرێت كاری نوسنگەكانی پشكنەری گشتی بەردەوامبن بەوجۆرەی رێگە بە حكومەت بدات خۆی چاودێری خۆیبكات لەرێی كاری ئەو نوسینگانە، ئەوەش پێچەوانەی دەسەڵاتی یاسادانانە.
داواشی لە حكومەت كرد پابەندی بڕیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت.

======
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
8 ئاب 2019