د.بەشیر حەداد لە 86 ـەمین ساڵیادی تاوانی كۆمەڵكوژی (پەرمتاد سێمێل) لە دژی ئاشووریان لە دهۆك ونەینەوا:چەسپاندنی مافی پێكهاتەكان گەرەنتی بەردەوامبوونی سەقامگیری دەكات

ئەمڕۆ پێنج شەمە 8/8/2019 د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەك دا بەبۆنەی 86ـەمین ساڵیادی رۆژی شەهید ئاشووری، یادی كۆمەڵكوژی (پەرمتاد سێمێل) لە دهۆك ونەینەوا كە لە 8-11 ی ئابی 1933 لەلایەن حكومەتی ڕەشید عالی گەیلانیەوە ئەنجام درا، جەختی لەسەر گرنگی بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی وپێكەوەژیانی ئاشتیانە كردەوە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراق ووەگەڕخستنی هەوڵە حكومیەكان بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان بەپێی دەستوور ویاسا بەمافەكانی خۆیان شاد بن.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەم تاوانە بەمەبەستی نانەوەی فیتنە وئاژاوەگێڕی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراق ئەنجام درا ولەم بۆنە خەمناكەش دا بەڕێزیان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە چەسپاندنی هەموو پێكهاتە وتایفەكانی گەلی عیراق گەرەنتی بەردەوامبوونی سەقامگیری دەكات لەهەموو عیراق وئەو تاوانەی لەدژی برایانی ئاشووری مەسیحی ئەنجام درا وبەهۆیەوە زیاتر لە سێ هەزار كەس بوونە قوربانی كە زۆربەیان ئافرەت ومنداڵ بوون وسەدان خانەوادەی ئاشووریش بەرەو سنوورەكانی سووریا راگوێزران، تاوانێكی قێزەوەنە لەدژی مرۆڤایەتی بەڵكو دەچێتە چوارچێوەی جینۆساید.
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو پرسی ئینسافكردنی پێكهاتەكان تەنها بەدروشم ورێكخستنی كۆنفڕانس نابێت بەڵكو بەچەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون وجێبەجێكردنی بەرنامەی خزمەتگوزاری وچاودێری كۆمەڵایەتی وبڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی ویەكتر قبووڵ كردن دێتەدی.
د.بەشیر پرسە وسەرەخۆی خۆی پێشكەشی برایانی ئاشووری كرد وجەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئەنجوومەنی نوێنەران وبەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كار بۆ زامنكردنی مافی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە وقەرەبۆكردنەوەی زیانلێكەوتوان دەكات لەڕووی مادی ومەعنەویەوە لەڕێگەی دانانی یاسای پێویست بۆ چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی بۆ هەموو رۆڵەكانی گەلی عیراق ورێگەگرتن لەدووبارەبوونەوەی نەهامەتیەكانی ڕابردوو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران
8 ی ئابی 2019